ئەیوب 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 2:1-13

دووەم تاقیکردنەوەی ئەیوب

1ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. 2یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»

3جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات. هەتا ئێستاش پابەندە بەوەی کەسێکی دروست بێت، هەرچەندە هانت دام بۆ ئەوەی بەبێ هۆ لووشی بدەم.»

4شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات. 5بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»

6یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.»

7ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری. 8ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.

9ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەت لە خودا بکە و بمرە!»

10ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟»

لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.

سێ هاوڕێکەی ئەیوب

11سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە. 12کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد. 13لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.