ئەیوب 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 14:1-22

1«مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن

ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.

2وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،

وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.

3ئایا چاوت لەسەر کەسێکی وەکو ئەم دەبێت؟

ئێستاش ئەوت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟

4کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟

بێگومان کەس!

5جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و

ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و

کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،

6ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،

هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.

7«لانی کەم دار ئومێدی ئەوەی هەیە کە

ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکاتەوە و دووبارە شین بێتەوە و

لقوپۆپی تازە دەربکات.

8ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و

بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،

9هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و

وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.

10بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛

مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.

11هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و

ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،

12هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،

لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت

هەتا ئاسمان نامێنێت.

13«خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و

دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!

خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و

بەبیرت دەهاتمەوە!

14ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟

هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،

ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.

15بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،

تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.

16بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،

بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.

17یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،

تاوانەکەم دەشاریتەوە.

18«هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و

تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،

19ئاو بەرد دەسووێنێت و

لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،

بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.

20بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،

ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.

21ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،

ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.

22تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و

داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»