ئەیوب 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 11:1-20

وەڵامی یەکەمی چۆفەر

1چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

2«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،

یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟

3ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،

یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟

4بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و

من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“

5بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و

لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و

6نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،

چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،

جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

7«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟

ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟

8ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،

لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟

9پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و

لە دەریاش پانترە.

10«ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و

تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟

11بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و

خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟

12بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو

هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

13«ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و

دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،

14ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و

نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،

15ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و

چەسپاو دەبیت و ناترسیت.

16چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و

وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.

17ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و

تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.

18دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە،

دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.

19خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و

زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.

20بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و

پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛

ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»