ئەیوب 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 10:1-22

1«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،

بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،

بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.

2بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!

تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.

3ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،

ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟

بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟

4ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟

ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟

5ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،

یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟

6بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و

چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟

7هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و

کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.

8«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،

ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟

9لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،

ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟

10ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و

وەک پەنیر منت نەمەیاند؟

11بە پێست و گۆشت منت پۆشی و

بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.

12ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،

چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.

13«بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،

من زانیم کە چیت لە دڵدایە.

14ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و

لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.

15ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!

ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،

چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و

زەلیلی خۆم بینی.

16ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،

دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.

17شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و

تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و

یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.

18«ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟

خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.

19وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،

لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.

20ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟

بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،

21پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،

بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،

22خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،

سێبەری مەرگ و ناڕێکی،

خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»