ئەستێر 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەستێر 9:1-32

سەرکەوتنی جولەکەکان

1لە سێزدەی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون. 2جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان. 3هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو. 4مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.

5جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد. 6جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان کوشت و لەناویانبردن. 7هەروەها ئەوانەشیان کوشت: پەرشەنداتا، دەلفۆن، ئەسپاتا، 8پۆراتا، ئەدەلیا، ئەریداتا، 9پەرمەشتا، ئەریسەی، ئەریدەی و ڤەیزاتا، 10کە دە کوڕەکەی هامانی کوڕی هەمەداسای دوژمنی جولەکەکان بوون، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.

11لەو ڕۆژەدا ژمارەی کوژراوەکان لە قەڵای شوش هێنرایە بەردەستی پاشا. 12جا پاشا بە شاژنە ئەستێری گوت: «جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان لەگەڵ دە کوڕەکەی هامان کوشتووە و لەناویانبردوون. ئایا دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەی پاشادا چییان کردبێت؟ ئێستاش بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. چ داواکارییەکی دیکەت هەیە؟ بۆت جێبەجێ دەکرێت.»

13ئەستێریش گوتی: «ئەگەر پاشا ڕازی بێت، با سبەینێش لە قەڵای شوش کارەکەی ئەمڕۆیان بکەنەوە، هەروەها با تەرمی هەر دە کوڕەکەی هامان لە دار بدرێن.»

14ئینجا پاشا فەرمانی دا ئەوە بکەن. لە شوش فەرمان دەرکرا و تەرمی هەر دە کوڕەکەی هامان لە دار دران. 15پاشان جولەکەکانی ناو شوش لە چواردەی ئادار دووبارە کۆبوونەوە، سێ سەد پیاویان لە شوش کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.

16هەروەها جولەکەکانی دیکەش کە لە هەرێمەکانی پاشادا بوون، کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕزگاربوونیان لە دوژمنەکانیان. حەفتا و پێنج هەزار کەسیان لە ناحەزەکانیان کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد. 17ئەمە لە سێزدەی ئادار ڕوویدا، لە چواردەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ئاهەنگگێڕان و خۆشی.

18بەڵام جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.

19لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان و خواردنیان بە دیاری بۆ یەکتر دەنارد.

جەژنی پوریم

20ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی تۆمار کرد و چەندین نامەی نارد بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، بە دوور و نزیکەوە، 21بۆ ئەوەی فەرزی بکات لەسەریان کە هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن، 22چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.

23ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو. 24هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی هەموو جولەکەکان پیلانی گێڕا بۆ ئەوەی جولەکەکان لەناو ببات، پوری‏ فڕێدا، واتا تیروپشکی کرد، بۆ ئەوەی قڕیان بکات و لەناویان ببات. 25بەڵام کاتێک ئەستێر چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، پاشا بە نووسراوێک فەرمانی دا، ئەو پیلانە خراپەی کە هامان لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو هەڵبگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، خۆی و کوڕەکانی لە دار دران. 26لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ناونران پوریم لەسەر ناوی پور‏. لەبەر هەموو وشەکانی ئەم نامەیە و ئەوەی بینییان و بەسەریان هات، 27جولەکەکان پەسەندیان کرد و کردیانە نەریت، خۆیان و نەوەکانیان و ئەوانەشی دەچنە پاڵیان پەیڕەویان کرد، بۆ ئەوەی لە یاد نەکرێن، هەمیشە لەو دوو ڕۆژەدا بەپێی ئەوەی کە نووسراوە و لە کاتی خۆیاندا هەموو ساڵێک ئاهەنگ بگێڕن. 28هەروەها ئەم ڕۆژانە یادیان بکرێتەوە، لەنێو هەموو نەوە و هۆز و هەرێمێک و لە هەموو شارێک ئاهەنگیان بۆ ساز بکرێت. ڕۆژانی پوریم هەرگیز لەنێو جولەکەکان لەبیر نەکرێن و ناشبێت لەلایەن نەوەکانیانەوە لە یاد بکرێت.

29ئینجا شاژنە ئەستێری کچی ئەبیحەیل لەگەڵ مۆردەخای جولەکە بە هەموو دەسەڵاتێکەوە نامەیەکی دیکەیان نووسی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم نامەیەی دووەم کە سەبارەت بە پوریم بوو. 30مۆردەخای نامەکانی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو سەد و بیست و حەوت هەرێمەکەی شانشینی ئەحەشوێرۆش نارد، وێڕای هیوای شادی ئارامییان بۆ جولەکەکان، 31بۆ چەسپاندنی دوو ڕۆژەکەی پوریم لە کاتی دیاریکراوی خۆی. هەروەک مۆردەخای جولەکە و شاژنە ئەستێر داوایان لێیان کرد، ئەوانیش بۆ خۆیان و نەوەکانیان پەسەندیان کرد کە بەڕۆژوو بن و شین بگێڕن. 32فەرمانەکەی ئەستێر ڕێنماییەکانی پوریمی دووپات کردەوە و لە پەڕتووکێکدا تۆمار کرا.