ئەستێر 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەستێر 6:1-14

ڕێزگرتن لە مۆردەخای

1ئەو شەوە پاشا خەوی زڕا. فەرمانی دا پەڕتووکی پوختەی مێژووی6‏:1 مەبەست لە تۆماری ڕووداوەکانی پاشایەتی خۆیەتی.‏ بۆ بهێنن و بۆی بخوێننەوە. 2بینرا ئەوەی تێدا نووسراوە کە مۆردەخای لەبارەی بیگتانا و تەرەشەوە ئاشکرای کردبوو، دوو لەو ئەفسەرانەی پاشا، کە پاسەوانی دەروازەکە بوون و ویستیان دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.

3پاشا پرسیاری کرد: «چ ڕێز و گەورەییەک بەرامبەر بەمە بۆ مۆردەخای کراوە؟»

خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لەبەردەستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نەکراوە.»

4پاشا گوتی: «کێ لە دیوانەکەیە؟» لەو کاتەدا هامان هاتبووە ناو دیوانەکەی دەرەوەی کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی بە پاشا بڵێت مۆردەخای لەو دارە بدات کە بۆی ئامادە کردبوو.

5خزمەتکارەکانی پاشا وەڵامیان دایەوە: «وا هامان لە دیوانەکە ڕاوەستاوە.»

پاشاش فەرمانی دا: «با بێتە ژوورەوە.»

6کە هامان هاتە ژوورەوە، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێک بکرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»

هامان لە دڵی خۆیدا گوتی: «لە من زیاتر کێ هەیە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» 7ئیتر هامان وەڵامی پاشای دایەوە: «بۆ ئەو پیاوەی کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، 8با ئەو جلوبەرگە شاهانەیەی کە پاشا لەبەری دەکات و ئەو ئەسپەی کە پاشا سواری دەبێت، لەگەڵ ئەو تاجەی شاهانە کە لەسەر سەری ئەسپەکە دادەنرێت بهێنرێ. 9ئینجا با جلوبەرگەکە و ئەسپەکە بدرێنە پیاوێک لە میرانی سەرکردەی پاشا، بۆ ئەوەی لەبەری ئەو پیاوەی بکات کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکە بیگەڕێنن و لەبەردەمیەوە هاوار بکەن و بڵێن: ”ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“»

10پاشا بە هامانی گوت: «بە پەلە بڕۆ هەروەک گوتت جلوبەرگ و ئەسپەکە ببە، هەموو ئەو شتانەی پێشنیارت کرد بۆ مۆردەخای جولەکە بیکە، ئەوەی لە دەروازەی پاشا دانیشتووە. هیچیان فەرامۆش مەکە لەوەی کە گوتت.»

11هامان جلوبەرگەکە و ئەسپەکەی برد. جلەکەی لەبەر مۆردەخای کرد و لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکەی گەڕاندی، لەبەردەمی هاواری دەکرد و دەیگوت: «ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!»

12پاشان مۆردەخای گەڕایەوە بۆ دەروازەی پاشا. بەڵام هامان خێرا بە لاواندنەوە و سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی. 13هامان هەموو ئەوەی بەسەری هات بۆ زەرەشی ژنی و بۆ دۆستەکانی گێڕایەوە.

ڕاوێژکارەکانی و زەرەشی ژنی پێیان گوت: «کەوتنی تۆ لەبەردەم مۆردەخای دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕەچەڵەکی جولەکەیە، تۆ ناتوانیت لە دژی بووەستیتەوە، تۆ لەبەردەمی ئەو دەڕووخێیت!» 14لە کاتێکدا کە هێشتا قسەیان لەگەڵ دەکرد، کاربەدەستەکانی پاشا پەیدا بوون بۆ ئەوەی بە پەلە هامان ببەن بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو.