ئەستێر 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەستێر 5:1-14

سزادانی هامان

1لە سێیەمین ڕۆژ ئەستێر جلوبەرگی شاهانەی لەبەرکرد و لە دیوانەکەی ناوەوەی کۆشکی پاشا بەرامبەر دیوەخانی پاشا ڕاوەستا، پاشاش لە دیوەخانەکە لە بەرامبەر دەروازەکە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو. 2کاتێک پاشا ئەستێری شاژنی بینی لە دیوانەکەدا ڕاوەستاوە، دڵی پێی خۆشبوو و داردەستە زێڕینەکەی دەستی بۆ ئەستێر درێژکرد. ئەستێریش چووە پێشەوە و دەستی لەسەری داردەستەکە دا.

3ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنە ئەستێر، چیتە و داواکاریت چییە؟ هەتا داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت پێت دەدرێت.»

4ئەستێر گوتی: «ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با ئەمڕۆ پاشا لەگەڵ هامان بێنە ئەو خوانەی کە بۆم ئامادە کردووی.»

5پاشاش گوتی: «بە پەلە هامان بهێنن بۆ ئەوەی داواکەی ئەستێر جێبەجێ بکات.»

ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو. 6پاشا لە کاتی شەراب خواردنەوە بە ئەستێری گوت: «بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

7ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «بابەتەکەم و داواکارییەکەم ئەمەیە: 8ئەگەر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابەتەکەم و داواکارییەکەم بۆ جێبەجێ بکات، با سبەینێ پاشا لەگەڵ هامان بێتە ئەو خوانەی کە بۆیان ئامادە دەکەم، ئەو کاتە وەڵامی پرسیارەکەی پاشا دەدەمەوە.»

ڕقی هامان لە مۆردەخای

9ئەو ڕۆژە هامان بە شادی و دڵخۆشییەوە چووە دەرەوە. بەڵام کاتێک هامان لە دەروازەی پاشا مۆردەخای بینی لەبەری هەڵنەستا و خۆی تێکنەدا، زۆر ڕقی لە مۆردەخای هەستا. 10بەڵام هامان خۆی گرت و گەڕایەوە ماڵەوە.

هامان دۆستەکانی و زەرەشی ژنی بانگکرد، 11شانازی بە زۆری دەوڵەمەندی و زۆری کوڕەکانی کرد، هەروەها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوە و پایەی بەرزکردووەتەوە لەسەر سەرکردە و کاربەدەستەکانی دیکەی. 12هەروەها هامان گوتی: «تەنانەت شاژنە ئەستێر جگە لە من کەسی دیکەی لەگەڵ پاشا بۆ ئەو خوانە داوەت نەکردووە کە ئامادەی کردووە، بۆ سبەینێ منیشی لەگەڵ پاشا داوەت کردووە. 13بەڵام ئەمانە هەموویان هیچ بەهایەکیان لەلای من نییە، هەر کاتێک مۆردەخای جولەکە دەبینم لە دەروازەی پاشادا دانیشتووە.»

14زەرەشی ژنی و هەموو دۆستەکانی پێیان گوت: «با دارێک بە بەرزی پەنجا باڵ ئامادە بکرێت، بەیانی بە پاشا بڵێ کە فەرمان بدات مۆردەخای لەو دارە بدرێت. پاشان بە خۆشییەوە لەگەڵ پاشا بڕۆ سەر خوانەکە.» هامان ئەو قسەیەی پێ باش بوو، فەرمانی دا دارەکە ئامادە بکرێت.