ئەستێر 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەستێر 4:1-17

مۆردەخای داوای یارمەتی لە ئەستێر دەکات

1پاش ئەوەی مۆردەخای هەموو ئەو کردەوانەی زانی کە کران، جلەکەی دادڕی و جلوبەرگی گوشی4‏:1 کاتی دەرکەوتنی نیشانەی کارەساتێک جلوبەرگی لە گوش دروستکردووە و لەبەری کردووە.‏ پۆشی و خۆڵەمێشی بەسەر خۆیدا کرد، چووە دەرەوە بۆ ناوەڕاستی شار و هاوارێکی گەورە و تاڵی کرد. 2بەڵام تەنها چووە بەردەم دەروازەی پاشا، چونکە ڕێگا بە کەس نەدەدرا بە پۆشینی جلوبەرگی گوشەوە بچێتە ناو دەروازەی پاشا. 3هەروەها هەر هەرێمێک فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی پێ دەگەیشت، لەنێو جولەکەکان دەبووە شیوەنێکی گەورە و ڕۆژووگرتن، گریان و لاواندنەوە. زۆریان جلوبەرگی گوشیان دەپۆشی و لەناو خۆڵەمێش ڕادەکشان.

4کاتێک کەنیزەکانی ئەستێر و کاربەدەستەکانی چوونە ژوورەوە و باسی مۆردەخایان بۆی کرد، شاژن زۆر دڵتەنگ بوو. دەستە جلێکی نارد بۆ ئەوەی لە جیاتی جلوبەرگی گوش لەبەری بکرێت، بەڵام ئەو پەسەندی نەکرد. 5پاشان ئەستێر هەتاخی بانگکرد، کە یەکێک لە کاربەدەستەکانی پاشا بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرابوو و فەرمانی پێ کرد بچێتە لای مۆردەخای، بزانێت ئەمە چییە و لەسەر چییە.

6ئیتر هەتاخ چووە دەرەوە بۆ لای مۆردەخای لە مەیدانی شارەکە، ئەوەی لەبەردەم دەروازەی پاشایە. 7مۆردەخای هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە بەسەری هاتبوو، هەروەها ئەو بڕە زیوەی کە هامان گوتبووی بۆ لەناوبردنی جولەکەکان بیداتە گەنجینەی پاشا. 8وێنەیەکیشی لەو فەرمانە نووسراوە دایێ کە لە شوشەوە بۆ لەناوبردنیان دەرکرابوو، بۆ ئەوەی پیشانی ئەستێری بدات و بابەتەکەی بۆ ڕوون بکاتەوە، هەروەها پێی گوت کە ڕێنمایی ئەستێر بکات تاکو بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا و لە پێناوی نەتەوەکەی لێی بپاڕێتەوە و داوای بەزەیی لێ بکات.

9هەتاخ گەڕایەوە و قسەکانی مۆردەخای بە ئەستێر ڕاگەیاند. 10ئەستێریش هەتاخی ڕاسپاردەوە بە مۆردەخای بڵێت: 11«هەموو کاربەدەستەکانی پاشا و هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشا دەزانن، کە هەر پیاوێک یان هەر ژنێک بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا بەبێ ئەوەی بانگ بکرێتە دیوانەکەی ناوەوە، یەک یاسای بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەویش مردنە، تەنها ئەو کەسە نەبێت کە پاشا داردەستە زێڕینەکەی خۆی بۆ درێژ دەکات، ئەو کەسە دەژیێت. منیش سی ڕۆژە بانگ نەکراوم بۆ ئەوەی بچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا.»

12کاتێک قسەکەی ئەستێریان بە مۆردەخای ڕاگەیاند، 13ئەویش ئەم وەڵامەی بۆ ناردەوە: «وا مەزانە کە تۆ لە ماڵی پاشادا بەدەر لە هەموو جولەکەکان دەرباز دەبیت، 14چونکە ئەگەر تۆ لەم کاتەدا بێدەنگ بیت، یارمەتی و دەربازبوون لە شوێنێکی دیکە بۆ جولەکەکان سەرهەڵدەدات، بەڵام خۆت و ماڵی باوکت لەناو دەبردرێن. هەروەها کێ دەزانێت، لەوانەیە بۆ کاتێکی وەک ئەمە بە پلەی پاشایەتی گەیشتوویت؟»

15ئینجا ئەستێر ئەم وەڵامەی بۆ مۆردەخای ناردەوە: 16«بڕۆ هەموو جولەکەکانی ناو شوش کۆبکەرەوە، لە پێناوی من ڕۆژوو بگرن. سێ شەو و سێ ڕۆژ هیچ مەخۆن و هیچ مەخۆنەوە. خۆم و کەنیزەکانم بە هەمان شێوە ڕۆژوو دەگرین. دوای ئەوە بە پێچەوانەی یاسا دەچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا. ئەگەر لەناویش چووم، با لەناوبچم.»

17ئیتر مۆردەخای چوو هەموو ئەو شتانەی کرد کە ئەستێر ڕایسپاردبوو.