ئیشایا 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 8:1-22

ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما

1یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.8‏:1 مەهێر شالال حاش بەز: واتا خێرا بۆ تاڵانکردن.‏“» 2هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.

3لە پێغەمبەرە ژن8‏:3 مەبەست لە ژنەکەی خۆیەتی کە ئەویش پێغەمبەر بووە.‏ نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، 4چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»

5ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:

6«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە

ئاوی هێمنی شیلۆوەحی8‏:6 شیلۆوەح: هەمان ئاوی سیلوامە. بڕوانە نەحەمیا 3‏:15 و یۆحەنا 9‏:7‏.‏ ڕەتکردەوە،

دڵخۆش بوو بە ڕەچین و

کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،

7لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە

ئاوی ڕووبارە8‏:7 واتا ڕووباری فورات.‏ بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،

مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.

جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و

بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،

8بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و

تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،

لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،

ئەی ئیمانوێل!»

9ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!

ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:

خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!

خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!

10ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،

قسە بکەن، سەرناگرێت،

چونکە خودا لەگەڵمانە.8‏:10 عیبری: ئیمانوێل‏. بڕوانە 7‏:14 و مەتا 1‏:23‏.‏

11یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:

12«مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“

بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،

مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،

مەتۆقە.

13تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و

دەبێ لەو بترسی،

لەو بتۆقی.

14ئەو دەبێتە پیرۆزگا،

بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل

دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،

تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.

بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم

دەبێت بە تەڵە و داو.

15زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،

دەکەون و تێکدەشکێن،

بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»

16ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،

فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.

17چاوەڕێی یەزدان دەکەم،

ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،

من پشت بەو دەبەستم.

18ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.

تاریکی دەبێتە ڕووناکی

19کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان8‏:19 نێوانگرەکان: لێرە بەو واتایە دێت، ئەو کەسانە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرن لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏ و ڕۆح ئامادەکاران8‏:19 ڕۆح ئامادەکاران: بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏.‏ بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»