ئیشایا 65 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 65:1-25

دادوەری و ڕزگاری

1«من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد،

دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان.

بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن،

فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“

2بە درێژایی ڕۆژ دەستم

بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت،

بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە،

بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.

3گەلێک بەردەوام

بەرەو ڕووم پەستم دەکەن،

گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت،

لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،

4ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت،

لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات،

گۆشتی بەراز دەخوات و

لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.

5دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە،

چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“

ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا،

ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.

6«ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە:

بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە،

سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،

7لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،»

یەزدان دەفەرموێت.

«لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و

لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد،

کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و

سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»

8یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،

جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،

چونکە خێروبێری تێدایە،“

ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم

بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.

9بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،

لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.

جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و

بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.

10جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و

دۆڵی عاخۆریش65‏:10 عاخۆر‏ وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع 7‏:24‏.‏ بە مۆڵگای مانگا،

بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.

11«بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و

کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،

خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و

بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،

12چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و

هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،

لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،

قسەم کرد و گوێتان نەگرت

بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،

ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»

13لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،

بەڵام ئێوە برسی دەبن،

ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،

بەڵام ئێوە تینوو دەبن،

ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،

بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.

14ئەوەتا لە دڵخۆشیدا

بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،

بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و

لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.

15لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان

وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و

یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،

بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.

16ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،

بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و

ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات

بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،

چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و

لەبەرچاوم شاردرانەوە.

ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ

17«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و

زەوی نوێ بەدی دەهێنم و

ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و

نە بە مێشکدا دێنەوە.

18بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن

لەوەی من بەدی دەهێنم،

چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و

دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.

19بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و

بە گەلی خۆم شاد دەبم،

چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

20«چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و

نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،

چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت

بە گەنج دادەنرێت و

ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی

وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.

21خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،

ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

22خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،

ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،

چونکە ڕۆژانی گەلەکەم

وەک ڕۆژانی دار65‏:22 مەبەست لەو دارانەیە کە تەمەنیان زۆر درێژە.‏ دەبێت و

هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن

لە کردارەکانی دەستیان.

23بەخۆڕایی ماندوو نابن و

بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،

چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و

وەچەکانیان لەگەڵیاندان.

24جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و

هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.

25گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،

شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،

بەڵام نانی مار خۆڵە.

لە هەموو کێوی پیرۆزم

نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»

یەزدان دەفەرموێت.