ئیشایا 61 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 61:1-11

ساڵی ڕەزامەندی یەزدان

1ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات،

چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم

بۆ مژدەدان بە هەژاران.

منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان،

بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و

ئازادکردنی کۆیلەکان،

2بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان و

ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان،

بۆ دڵنەواییکردنی هەموو ماتەمدارەکان.

3ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم،

تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ61‏:3 عیبری: خۆڵەمێش.‏،

زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە،

هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان.

جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی،

نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.

4کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و

وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە.

شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە

کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.

5بێگانە دێنە خزمەتتان و شوانایەتی مێگەلەکانتان دەکەن و

کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.

6ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان،

پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان.

سامانی نەتەوەکان دەخۆن و

شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.

7گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن،

لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن.

ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن،

خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.

8«من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت،

ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە.

بە دڵسۆزییەوە پاداشتی گەلەکەم دەدەمەوە و

پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.

9توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و

وەچەشیان لەنێو گەلاندا.

هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن

کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»

10بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان،

گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت،

چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم،

کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا،

وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە

یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.

11وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و

وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت،

ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش

لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.