ئیشایا 60 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 60:1-22

شکۆمەندی سییۆن

1«ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،

شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.

2ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و

هەوری تاریش نەتەوەکان.

بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،

شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.

3نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،

پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.

4«چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!

هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،

کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و

کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.

5ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،

لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،

چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،

دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.

6ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،

وشترەکانی میدیان و عێفا.

هەموو لە شەباوە دێن،

زێڕ و بخووریان بارکردووە،

ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.

7هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە،

بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان،

بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و

پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.

8«ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و

وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟

9بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن،

هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن

بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە،

زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە

بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت،

خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل

کە شکۆداری کردیت.

10«نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە،

پاشاکانیان خزمەتت دەکەن.

هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت،

بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە.

11دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن،

شەو و ڕۆژ داناخرێن

بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و

پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن،

12چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و

بە تەواوی وێران دەبێت.

13«شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،

داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە،

بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و

شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.

14کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات،

هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و

پێت دەڵێن: شاری یەزدان،

سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

15«لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و

بێ ڕێبوار بیت،

دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی،

شادی نەوە دوای نەوە.

16لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت،

لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت.

جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم،

ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.

17لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و

لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،

لە جیاتی داریش بڕۆنز و

لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.

سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و

ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.

18ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت

نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،

بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و

دەروازەکانیشت ”ستایش“.

19ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،

درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،

بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،

خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت.

20لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،

مانگی تۆ کەم ناکات،

چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،

ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.

21لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،

زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.

ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،

دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.

22بچووک دەبێت بە هەزار و

بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.

من یەزدانم،

لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.»