ئیشایا 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 6:1-13

دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک

1لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2سەرافیمەکان6‏:2 سەرافیمەکان: جۆرە بوونەوەرێکی ئاسمانین کە دەکرێت جۆرێکی تایبەتی فریشتە بن.‏ لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:

«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!

شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

4چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.

5گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»

6ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 7لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»

8ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»

منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»

9ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:

«”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،

هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“

10دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،

گوێی گران بکە و

چاوی بنوقێنە،

نەوەک بە چاوی ببینێت و

بە گوێی ببیستێت،

بە دڵی تێبگات و

بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»

11منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»

ئەویش فەرمووی:

«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی

بێ ئاوەدانی و

ماڵەکانیش بێ خەڵک و

کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،

12هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و

شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.

13ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،

جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.

بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،

کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،

پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»