ئیشایا 56 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 56:1-12

ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن

1یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دادپەروەری بپارێزن و

ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،

چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و

ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.

2خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و

بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،

ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و

دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»

3با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:

«یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»

با خەساویش نەڵێت:

«ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»

4لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،

ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و

دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،

5لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی

یادەوەری و ناویان پێدەدەم،

لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.

ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم

کە نابڕدرێتەوە.

6ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان

بۆ پەرستنی و

بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان

هەتا بۆی ببن بە بەندە،

هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و

دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە

7دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،

لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.

قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان

مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،

چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت

بۆ هەموو گەلان.»

8یەزدانی باڵادەست،

ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت:

«زیاتر کۆدەکەمەوە

لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»

خودا بەدکاران تاوانبار دەکات

9ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،

ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!

10ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،

نەزانن.

هەموو سەگی لاڵن،

ناتوانن بوەڕن.

خەونبین و پاڵکەوتوون،

حەزیان لە خەوە.

11سەگەکان چاو برسین،

تێربوون نازانن.

ئەوان شوانن و تێناگەن،

هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،

هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.

12دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین!

با مەی بنۆشین!

بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،

بەڵکو زۆر باشتریش.»