ئیشایا 55 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 55:1-13

بانگهێشتکردنی تینووەکان

1«هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن،

وەرن بۆ ئاو55‏:1 ئاو: هێمایە بۆ ژیان و بەزەیی خودا.‏،

ئەوانەش کە پارەیان نییە،

وەرن، بکڕن و بخۆن!

وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ

شەراب و شیر بکڕن.

2بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟

بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟

بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،

با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.

3گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،

گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.

پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،

خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.

4ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،

ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.

5ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و

ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،

لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،

لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،

چونکە شکۆمەندی کردیت.»

6ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،

لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.

7با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و

خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،

با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،

بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە.

8«بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و

ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

9«هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە،

ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و

بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.

10هەروەک چۆن باران و بەفر

لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و

ناگەڕێنەوە ئەوێ،

بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و

وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و

تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،

11فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە:

بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم،

بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و

سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.

12ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و

بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت،

چیاکان و گردەکان

لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە،

هەموو دارەکانی دەشتودەریش

بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.

13لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و

لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت،

بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک،

نیشانەیەکی هەتاهەتایی

کە لەناو ناچێت.»