ئیشایا 54 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 54:1-17

شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن

1«ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،

ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،

ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،

لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،

چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو

زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»

یەزدان دەفەرموێت.

2«شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،

پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،

دەست مەگێڕەوە،

گوریسەکانت درێژ بکە و

سنگەکانت توند بچەقێنە،

3چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،

نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و

شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.

4«مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت.

گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت.

ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،

ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە،

5چونکە مێردی54‏:5 پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.‏ تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،

ناوی یەزدانی سوپاسالارە.

ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،

پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.

6وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان

یەزدان بانگت دەکاتەوە،

وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»

خودات دەفەرموێت.

7«بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،

بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.

8بە زریانی تووڕەییەوە

بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،

بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی

بەزەییم پێتدا هاتەوە،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.

9«ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من

ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.

ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و

لێت ڕانەخوڕم.

10هەرچەندە چیاکان نامێنن و

گردەکان دەهەژێن،

بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و

پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.

11«ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێدراوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،

ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە54‏:11 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.‏ لەسەر ڕیز دەکەم،

بە یاقووتی شین54‏:11 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏ داتدەمەزرێنم.

12قوللەکانت دەکەم بە یاقووت54‏:12 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏ و

دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،

هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.

13هەموو منداڵەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و

ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.

14بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت

دوور لە جەوروستەم،

چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت،

هەروەها دووریت لە تۆقینیش،

چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.

15ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت،

ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.

16«ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا

کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات،

چەکی گونجاو دروستدەکات،

هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.

17هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و

هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە.

ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە،

بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.