ئیشایا 53 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 53:1-12

1کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و

هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟

2بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد،

وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد.

نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی تاوەکو سەرنجمان بۆی بچێت،

نە دیمەن تاوەکو ئارەزووی بکەین.

3ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە،

پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی.

وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە،

ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.

4بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت،

ئازارەکانی ئێمەی برد،

ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە،

لێی دراوە و زەلیلە.

5بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو،

لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا.

ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت،

بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.

6هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین،

هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە،

بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی

خستە سەر ئەو.

7زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد،

بەڵام دەمی نەکردەوە.

ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا،

وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە،

ئەو دەمی نەکردەوە.

8بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا.

بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟

چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا،

لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.

9گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا،

دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا،

هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و

فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.

10بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت،

لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانیی تاوان،

نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت،

خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.

11لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت،

ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت،

بەندە ڕاستودروستەکەم بە ئەزموونی خۆی زۆر کەس بێتاوان دەکات و

ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.

12لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم،

لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات،

چونکە ژیانی خۆی بەخت کرد و

لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،

لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و

داکۆکی لە یاخیبووان کرد.