ئیشایا 51 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 51:1-23

ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئیسرائیل

1«ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن،

ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن:

تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و

کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،

2تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن،

بڕواننە سارا، ئەوەی ئێوەی بووە،

چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو،

بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.

3بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات،

دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات.

چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و

شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان.

شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە،

سوپاس و دەنگی مۆسیقا.

4«ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن،

ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن،

چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و

دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.

5ڕاستودروستیم نزیکە،

ڕزگاریم بەڕێوەیە،

بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات.

دوورگەکان چاوەڕێی منن،

هیوایان بە بازووی منە.

6چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و

لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن،

چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و

زەوی وەک جل دادەڕزێت و

دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن.

بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت،

ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.

7«ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن،

ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە:

مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن،

لە جنێوەکانیان مەتۆقن،

8چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و

وەک خوری کرم لێیان دەدات،

بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و

ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»

9بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە،

ئەی بازووی یەزدان،

بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان،

وەک لە سەردەمانی پێشوو!

ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد،

کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟

10ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد،

ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی51‏:10 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (دەریای ژێر زەوی) هەبوو کە لەژێر زەوی بوو و سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو.‏،

ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا

بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟

11جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،

بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،

شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە.

خۆشی و شادی پێیان دەگەن و

ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

12«منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم.

تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت،

یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟

13تۆ کێیت تاوەکو یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت،

کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و

زەوی دامەزراندووە،

کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە

لە تووڕەیی ستەمکار،

کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟

بەڵام کوا تووڕەیی ستەمکار؟

14بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن،

لەناو زیندان نامرن،

نانیان کەم نابێت،

15چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،

ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت،

ناوم یەزدانی سوپاسالارە.

16من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و

بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە،

من کە ئاسمانم لە شوێنی خۆی دانا و

زەویم دامەزراند،

کە بە سییۆن دەڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»

جامی تووڕەیی یەزدان

17بەئاگا بە! بەئاگا بە!

ئۆرشەلیم هەستە!

ئەوەی جامی تووڕەییت

بە دەستی یەزدان خواردەوە،

خڵتی جامی بەلاداهاتنت

خواردەوە و چۆڕاندتەوە.

18کەس نییە ڕێنمایی بکات

لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون،

کەس نییە دەستی بگرێت

لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.

19کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون،

کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر.

کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟

کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟

20کوڕەکانت گرمۆڵە بوون و ڕاکشان

لەسەر سووچی هەموو شەقامێک

وەک ئاسک لەناو تۆڕدا.

پڕن لە تووڕەیی یەزدان و

لە سەرزەنشتی خودات.

21لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە،

ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.

22یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت،

خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات:

«ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت،

لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.

23دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت،

ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت:

”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“

جا پشتت وەک زەوی دانا،

وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»