ئیشایا 50 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 50:1-11

گوناهی ئیسرائیل و ملکەچی بەندە

1یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«کوا تەڵاقنامەی دایکتان

ئەوەی کە من بەڕەڵام کرد پێی؟

یان خاوەن قەرزەکانم کێن،

ئەوانەی ئێوەم پێی فرۆشتووە؟

ئەوەتا لەبەر تاوانەکانتان فرۆشران،

لەبەر یاخیبوونەکانتان دایکتان بەڕەڵا کرا.

2بۆچی هاتم و کەس نەبوو؟

بانگم کرد و کەس وەڵامی نەدایەوە؟

ئایا دەستکورت بووم لە کڕینەوە؟

ئایا توانای فریاکەوتنم نییە؟

ئەوەتا بە ڕاخوڕینم دەریا وشک دەکەم،

ڕووبارەکان دەکەم بە چۆڵەوانی،

لەبەر بێ ئاوی ماسییەکانی بۆگەن دەبن،

لە تینووان دەمرن.

3تاریکی دەکەمە بەر ئاسمان،

گوش دەکەم بە پۆشاکی.»

4یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی

بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.

هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،

گوێی من بەئاگا دەهێنێت

بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.

5یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،

منیش یاخی نەبووم،

بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.

6پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،

ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.

ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە

گاڵتەپێکردن و تفلێکردن.

7لەبەر ئەوەی یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،

ڕیسوا نابم،

لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،

دەزانم شەرمەزار نابم.

8ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،

کێ سکاڵا لە من دەکات؟

با پێکەوە ڕابوەستین،

کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟

با لێم بێتە پێش!

9ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،

ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟

ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،

مۆرانە دەیانخوات.

10کێ لە ئێوە لە یەزدان دەترسێت و

گوێڕایەڵی بەندەکەی دەبێت؟

ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات و

ڕووناکی نابینێت،

با پشت بە ناوی یەزدان ببەستێت و

پاڵ بداتە پاڵ خودای خۆی.

11بەڵام ئەی هەموو ئەوانەی ئاگر دەکەنەوە،

مەشخەڵ داگیرسێنن،

بڕۆن بە ڕووناکی ئاگرەکەی خۆتان و

بەو مەشخەڵانەی داتانگیرساند.

لە دەستی منەوە ئەمەتان بۆ دەبێت

لەناو ئازاردا ڕادەکشێن.