ئیشایا 48 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 48:1-22

کەللەڕەقیی ئیسرائیل

1«گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،

ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل،

ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون،

ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن،

ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن،

بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،

2بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و

خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل

کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:

3سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە،

لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن،

لەپڕ کردم و ڕوویان دا.

4دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و

ملتان دەماری ئاسنینە و

ناوچەوانتان بڕۆنزە.

5لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن،

وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت،

نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی،

خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“

6ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی.

ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟

«وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت،

ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.

7ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون،

بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون

نەوەک بڵێن،

”ئەوەتا دەمانزانی.“

8هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان،

لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە.

باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن،

لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“

9لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دوا دەخەم،

لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم،

نەوەک بتانبڕمەوە.

10ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو،

لەناو کوورەی ئازارچێژتن تاقیم کردنەوە.

11لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم،

چۆن ڕێگا دەدەم ناوی من گڵاو بکرێت؟

شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.

دەربازکردنی ئیسرائیل

12«ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،

ئەی ئیسرائیل، ئەوانەی کە بانگم کردن.

ئەوە منم،

من سەرەتا و من کۆتاییم.

13دەستی من زەوی دامەزراند،

دەستی ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە.

کاتێک من بانگیان دەکەم،

پێکەوە دەوەستن.

14«هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن!

کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟

هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان،48‏:14 مەبەست لە کۆرشی پاشایە.‏

هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات،

بازووشی لە دژی بابلییەکان دەبێت.

15من، من قسەم کرد و بانگم کرد،

هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.

16«وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن:

«لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد،

کاتێک ڕوودەدات، من لەوێم.»

ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد

لەگەڵ ڕۆحی خۆی.

17یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل،

ئەمە دەفەرموێت:

«من یەزدانی پەروەردگارتانم،

فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن،

بەو ڕێگایەدا دەتانبەم کە دەبێت بیگرنەبەر.

18خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت،

جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو،

ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.

19نەوەکانتان وەک لم دەبوو،

وەچەتان وەک دەنکی لم،

ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و

نە لەناودەچوو.»

20لە بابل بچنە دەرەوە،

لە بابلییەکان هەڵبێن!

بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن،

جاڕی ئەمە بدەن.

سەرتاسەری زەوی لێ ئاگادار بکەنەوە،

بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»

21تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی،

لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن،

تاشەبەردی شەقکرد و

ئاو تەقییەوە.

22یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»