ئیشایا 45 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 45:1-25

1«یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،

ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت

بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و

پاشایان چەک بکەم،

بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و

دەرگاکان دانەخرێن:

2”من لەپێشتەوە دەڕۆم و

تەپەکان تەخت دەکەم،

دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و

شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.

3گەنجینەکانی تاریکی و

خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،

هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،

ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.

4لەبەر یاقوبی بەندەم و

ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،

بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و

نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی

هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.

5من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،

بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،

6بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

7شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،

دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،45‏:7 بڕوانە ئەیوب 2‏:1‏-10،‏‏ خودا هەندێک جار ڕێ دەدات کە شتی خراپ ڕووبدەن بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانی خۆی.‏

من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“

8«ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،

با هەورەکان بیپرژێنێت.

با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە

ڕزگاری بەر بگرێت و

ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛

من یەزدانم بەدیم هێنا.

9«قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،

پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.

ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:

”چی دروستدەکەیت؟“

یان دەڵێت:

”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟

10قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:

”چ منداڵێکت خستەوە؟“

بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“

11«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،

ئەمە دەفەرموێت:

دەربارەی ئەوانەی دێت،

ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،

سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟

12من زەویم دروستکرد و

مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.

دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و

هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.

13من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و

هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.

ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و

ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات

بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.

ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

14یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و

سەبئییە باڵا بەرزەکان

بۆ لای ئێوە45‏:14 مەبەست لە یەهودایە لەدوای گەڕاندنەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی لەلایەن کۆرش پاشای فارسەوە.‏ دەپەڕنەوە و

بۆ ئێوە دەبن.

لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و

دەپەڕنەوە بۆ لاتان.

کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و

لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:

”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،

خودای دیکە نییە.“»

15بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،

خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.

16هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،

پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،

17بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،

بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.

شەرمەزار و ڕیسوا نابن

هەتاهەتایە.

18یەزدان ئەمە دەفەرموێت،

بەدیهێنەری ئاسمان،

ئەو خودایە،

شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،

ئەو دایمەزراند.

بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،

بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،

دەفەرموێت:

«من یەزدانم و

یەکێکی دیکە نییە.

19لە پەناوە قسەم نەکرد،

لە شوێنێکی تاریکی زەوی.

بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،

”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“

من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و

ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.

20«کۆببنەوە و وەرن،

ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.

نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،

ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.

21ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.

با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.

لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،

لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟

ئایا منی یەزدان نەبوو؟

بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،

خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر

بێجگە لە من نییە.

22«ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،

ئەی هەموو لایەکانی زەوی،

چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.

23سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،

ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،

وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،

کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،

هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.

24سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز

تەنها بە یەزدانە.“»

هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە

بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،

25بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل

بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.