ئیشایا 42 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 42:1-25

بەندەی یەزدان

1«ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،

هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،

ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،

دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.

2هاوار ناکات و بانگ ناکات و

دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت.

3قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،

پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.

بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.

4نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت

هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.

دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»

5خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،

ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،

هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،

ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،

ئەمە دەفەرموێت:

6«من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،

جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،

دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.

7بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،

بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،

لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.

8«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و

شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و

ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.

9ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،

ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،

پێش ئەوەی سەر دەربێنێت

من پێتانی دەڵێم.»

گۆرانی ستایش بۆ یەزدان

10ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،

دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،

گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،

ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.

11با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،

گوندەکانی نشینگەی قێدار.

با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،

لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.

12با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،

لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.

13یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،

وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،

هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،

بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.

14«زۆر دەمێکە کپ بووم،

بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.

بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،

هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.

15چیا و گردەکان تێکدەدەم،

هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.

ڕووبار دەکەمە دوورگە و

گۆلاوەکان وشک دەکەم.

16نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،

بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،

تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،

ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.

ئەم شتانە دەکەم و

بەجێیان ناهێڵم.

17بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،

ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“

بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.

ئیسرائیلی کوێر و کەڕ

18«ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!

ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!

19کێ کوێرە تەنها بەندەکەم42‏:19 مەبەست لە گەلی ئیسرائیل و پێغەمبەرەکانە.‏ نەبێت،

یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟

کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و

کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟

20زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،

گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»

21یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،

فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.

22بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە

هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،

لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،

بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،

ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»

23کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت،

گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟

24کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و

ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟

ئایا یەزدان نییە

کە گوناهمان دەرهەقی کرد و

نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و

گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟

25ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،

بە جەنگێکی سەخت،

لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،

سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.