ئیشایا 36 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 36:1-22

سەنحێریب هەڕەشە لە ئۆرشەلیم دەکات

1لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. 2ئیتر پاشای ئاشور لە لاخیشەوە فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە بۆ حەزقیای پاشا نارد لە ئۆرشەلیم. کاتێک لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستا کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، 3ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی36‏:3 ڕازپۆش.‏ و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لای.

4فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن:

«”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ 5تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ 6وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. 7ئەگەر پێشم بڵێیت: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە،‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش دەبەن‘؟

8«”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! 9ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ 10ئێستاش ئایا من بەبێ یەزدان هێرشم کردووەتە سەر ئەم خاکە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»

11ئینجا ئەلیاقیم و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە.»

12فەرماندەکەش گوتی: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووین هەتا ئەم قسانە بکەین؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووین، بۆ ئەوەی پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە لەگەڵتان؟»

13ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! 14پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت ڕزگارتان بکات. 15مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“

16«گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت: ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام، با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە، 17هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو.

18«با حەزقیا فریوتان نەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ 19کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ 20کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»

21بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»

22ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.