ئیشایا 35 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 35:1-10

خۆشحاڵی ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە

1چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن،

بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات،

وەک گوڵاڵە سوورە، 2بە تەواوی چرۆ دەکات و

تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات!

شکۆی لوبنانی پێدەدرێت،

شەوکەتی کارمەل و شارۆن،

ئەوان شکۆی یەزدان و

شەوکەتی خودامان دەبینن.

3دەستە شلەکان توند بکەن و

ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.

4بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە:

«خۆتان توند بکەن، مەترسن!

ئەوەتا خوداتان،

بە تۆڵەسەندنەوە دێت،

سزای خوداتان.

ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»

5ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و

گوێی کەڕ دەکرێتەوە.

6ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و

زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات،

چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و

ڕووباریش لە بیابان.

7سەراب دەبێتە گۆم و

خاکی تینوو بە کانیاو.

لە لانەی چەقەڵەکان، لە مۆڵگەکەیان،

قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.

8لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت،

ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت.

گڵاو پێیدا تێناپەڕێت،

بەڵکو بۆ ئەوانەیە

کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن،

گێلەکان پێدا ناڕۆن.

9شێر لەوێ نابێت،

جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت،

لەوێ بەرچاو ناکەون.

بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،

10ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،

بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،

شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە.

خۆشی و شادی پێیان دەگەن و

ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.