ئیشایا 34 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 34:1-17

دادوەری لە دژی نەتەوەکان

1ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن،

ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن!

با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت،

جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،

2چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە،

هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە.

بە تەواوی قڕی کردوون34‏:2 قڕی کردوون: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏،

بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.

3کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن،

تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و

چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.

4خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە،

ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە.

هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن،

وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو،

وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.

5شمشێری من لە ئاسمان کاری تەواو بووە،

وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و

بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.

6شمشێری یەزدان خوێنی لێ دەتکێت،

قەڵەو بووە بە پیو34‏:6 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 7.‏،

بە خوێنی بەرخ و تەگە،

بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان،

چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و

سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.

7گای کێوی لەگەڵیان دەکەون،

گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان،

زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت،

خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.

8یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە،

ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.

9جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیر و

خۆڵەکەی بە گۆگرد،

زەوییەکەی دەبێت بە قیری داگیرساو!

10شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە،

دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.

نەوە دوای نەوە کاول دەبێت،

بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.

11کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن،

کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن.

بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و

شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.

12خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن،

هەموو میرەکانی لەناودەچن.

13دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت،

چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی.

دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و

لانەی کوندەپەپوو.

14دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن،

تەگە34‏:14 نێری، سابرێن.‏ بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن،

دڕندەکان شەو لەوێدا ئارام دەگرن و

جێی حەوانەوە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە.

15لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات،

کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت.

لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە،

هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.

16تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە:

یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە،

هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات،

چونکە دەمی یەزدان فەرمانی داوە،

ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.

17ئەو زەوییەکە لەنێوانیان دابەش دەکات،

دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش دەکات.

بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن،

نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.