ئیشایا 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 31:1-9

قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن

1قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،

پشت بە ئەسپ دەبەستن،

متمانە بە زۆری گالیسکە و

هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،

بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و

داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.

2ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،

لە وشەی خۆی با ناداتەوە.

هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و

بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.

3بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،

ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.

کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،

یارمەتیدەر ساتمە دەکات و

یارمەتیدراو دەکەوێت،

هەموو پێکەوە لەناودەچن.

4ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت

بەسەر نێچیرەکەیەوە،

ئەوەی کۆمەڵە شوان

هاواری لێ دەکەن،

لە دەنگیان ناترسێت و

لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،

ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت

بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.

5وەک باڵندە فڕیوەکان،

ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،

پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،

بەسەریدا تێدەپەڕێت31‏:5 بڕوانە دەرچوون 12‏:12‏-13.‏ و دەربازی دەکات.»

6ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە، 7چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

8«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،

شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.

جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و

گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.

9قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،

میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»

یەزدان دەفەرموێت،

ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و

تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.