ئیشایا 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 30:1-33

قوڕبەسەر نەتەوەی کەللەڕەق

1یەزدان دەفەرموێت:

«قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق،

پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە،

داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە

بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن.

2دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە

بێ ئەوەی پرس بە من بکەن،

هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون،

لە سایەی میسر پەناگیر بن.

3بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و

پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری.

4هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن،

نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس،

5بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن

لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان،

بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە،

چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.»

6سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب:

لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا،

ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت،

مار و ماری ژەهراوی باڵدار،

سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن،

لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان

بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن،

7چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر.

لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا:

«ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات».

8ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و

لە تۆمارێک نەخشی بکە،

هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە

شایەتێک بۆ هەتاهەتایە.

9ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن،

ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن.

10بە پێشبینیکەر دەڵێن:

«پێشبینی مەکە!»

بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن:

«پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە!

قسەی لووسمان بۆ بکە،

خەونی تەفرەدەر ببینە!

11لە ڕێگا لابدەن،

ڕێچکە بەر بدەن،

چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە

لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!»

12لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:

«ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و

متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و

پشتتان پێیان بەست،

13لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک

دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت،

ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت.

14وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت

بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت،

لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی

پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە

یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.»

15یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:

«بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،

پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،

بەڵام نەتانویست،

16گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“

لەبەر ئەوە هەڵدێن!

گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“

لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!

17لە ڕووی نەڕەی یەک کەس

هەزار کەس هەڵدێت،

لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس

هەمووتان هەڵدێن،

هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و

وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»

18بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،

لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،

چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.

خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!

19ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. 20هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. 21کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.» 22پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»

23ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. 24گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. 25جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. 26جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.

27ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات،

تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە.

لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و

زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە.

28هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە

دەگات بە گەردن،

بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان

بە بێژنگی لەناوچوون و

لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە.

29گۆرانییەکتان بۆ دەبێت

وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن،

خۆشی دڵیش

وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات

هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان،

بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل.

30یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و

دابەزینی بازووی ببینرێت

بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر،

بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە.

31ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت،

بە داردەست لێدەدات.

32جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری،

ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت،

بە دەف و قیسارەوە دەبێت و

بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت.

33چاڵی تۆفەت30‏:33 ‏شوێنێک بووە بۆ سووتاندنی قوربانی بتپەرستەکان کە زۆر جار مرۆڤی تێدا کراوەتە قوربانی. بڕوانە دووەم پاشایان 23‏:10‏.‏ لەمێژە ڕێکخراوە،

بۆ پاشا ئامادە کراوە،

قووڵە، بەرینە،

کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە.

هەناسەی یەزدان

وەک ڕووباری گۆگردە

گڕی تێبەردەدات.