ئیشایا 29 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 29:1-24

قوڕبەسەر شارەکەی داود

1قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل29‏:1 ئەریێل ئەو ناوە شیعرییەیە کە بۆ ئۆرشەلیم بەکاردەهێنرا، واتای ناوەکە: شێری خودا.‏

ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!

ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،

با جەژنەکان بسوڕێنەوە.

2منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،

جا دەبێت بە گریان و شیوەن و

بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای29‏:2 ‏لە زمانی عیبری هەمان وشەی ئەریێل بەکارهاتووە بە واتایەکی دیکە. بڕوانە ئایەتی 1.‏ لێدێت،

3وەک بازنە دەورت دەدەم،

بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و

سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.

4جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،

قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،

دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،

قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.

5ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و

ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.

لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،

6لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت

بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە،

بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.

7وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،

ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،

هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی

لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی،

8وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات،

بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،

وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە،

بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،

ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی

لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.

9بحەپەسێن و سەرسام بن!

خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!

بەبێ شەراب ئێوە مەستن،

بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.

10یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،

بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،

هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.

11جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.» 12یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»

13جا پەروەردگار دەفەرموێت:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و

بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن،

بەڵام دڵیان لێم دوورە،

پەرستنیان بۆ من

تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.

14لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە

کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،

دانایی داناکانی لەناودەبەم و

تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»

15قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە

بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،

کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و

دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»

16ئای لە هاڵاوگێڕیتان،

ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک

تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:

«تۆ دروستت نەکردم»؟

یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:

«تێناگەیت»؟

17ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و

باخیش بە دارستان دانانرێت؟

18جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و

لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا

چاوی نابیناکان دەبینن.

19زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،

نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.

20زۆردار لەناودەچێت و

گاڵتەجاڕ نەمێنێت و

هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە.

21ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و

لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و

بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.

22لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:

«ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و

ئێستا ڕوو زەرد نابێت.

23کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم

لەنێویاندا دەبینن،

وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،

دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا29‏:23 پیرۆزەکەی یاقوب: مەبەست لە خودای پیرۆزی یاقوبە.‏ دەنێن،

لە خودای ئیسرائیل دەترسن.

24ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و

بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»