ئیشایا 28 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 28:1-29

قوڕبەسەری بۆ ئەفرایم

1قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن!

قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت،

کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە.

قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!

2ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە.

وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر،

وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ،

بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.

3پێشێل دەکرێت

تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.

4دەبێت بە گوڵی سیس بوو

جوانی شکۆمەندییەکەی،

ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە،

وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین،

ئەوەی دەیبینێت

هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.

5لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار

دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و

تاجی شکۆمەندی

بۆ پاشماوەی گەلەکەی.

6دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری

بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و

پاڵەوانیێتی

بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.

7ئەمانیش بە شەراب گێژن و

بە مەی گومڕان:

کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن،

بە شەراب قووتدەدرێن،

بە مەی گومڕان،

کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن،

کوێرانە حوکم دەدەن.

8هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و

هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.

9دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟

پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟

بۆ لەشیربڕاوەکان،

یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟

10وەک گغە گغ بۆ گغە گغ،

بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،28‏:10 عیبری: چاڤ لاچاڤ، قاڤ لاقاڤ‏، کە تەنها دەنگە لە زمانی عیبری بەبێ واتا، وەک گوێگرتن لە زمانێکی بیانی.‏

کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»

11کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ

قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.

12بۆ ئەوانەی پێی گوتن:

«ئەمە حەسانەوەیە،

با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.»

بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.

13جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە:

گغە گغ بۆ گغە گغ،

بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،

کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.

بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و

بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.

14ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،

ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن!

15گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و

پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە،

کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت

لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە،

چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و

لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»

16لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،

کە دەبێتە سەنگی مەحەک،

گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە28‏:16 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏ بۆ بناغەیەکی پتەو،

ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.

17دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و

بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم،

جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و

پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.

18پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و

پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت.

کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت،

ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.

19هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات،

چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت

بە شەو و بە ڕۆژ.»

بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە

دەبێتە مایەی تۆقاندن.

20دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و

لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.

21یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا،

هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش

بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە!

بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!

22ئێستا گالتەجاڕ مەبن،

نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت،

چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،

گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.

23گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن،

گوێ بگرن و قسەم ببیستن.

24ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت،

هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟

25ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد،

تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و

گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و

جۆ لە شوێنی نیشانکراو،

گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟

26جا خودای خۆی فێری دەکات،

بە دادوەری ڕێنمایی دەکات.

27کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت،

چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت،

بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و

زیرەش بە گۆچان.

28دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت،

هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت،

چەرخەی عەرەبانەکەی و

ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.

29هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون،

ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.