ئیشایا 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 27:1-13

ڕزگاریی ئیسرائیل

1لەو ڕۆژەدا،

یەزدان بە شمشێرە

ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،

سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،

لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،

ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.

2لەو ڕۆژەدا

«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:

3من یەزدانم، چاودێری ئەوم،

هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.

بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم

نەوەک ئازار بدرێت.

4هەڵچوونم نییە.

وای ئەگەر لە جەنگدا دڕکوداڵیان دەخستە بەرپێم!

من پێشێلم دەکردن و دەمسووتاندن،

گڕم لە هەموویان بەردەدا.

5بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من

لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،

ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»

6لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،

ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،

ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.

7ئایا یەزدان لێیدان

بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟

یان ئەوەندەی لێ کوشتن

وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟

8بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،

ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی

لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.

9لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،

ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی

بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە

وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،

نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر

بە پێوە نەمێنێت.

10شاری قەڵابەند تەنهایە،

ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،

لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و

لەوێ پاڵ دەداتەوە و

لقەکانی تێکدەدات.

11کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و

ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،

چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،

لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و

شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.

12لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە، ئەی نەوەی ئیسرائیل. 13لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.