ئیشایا 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 26:1-21

گۆرانییەک بۆ ستایش

1لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:

شاری بەهێزمان هەیە،

خودا ڕزگاری دەکاتە

شوورا و سەنگەری.

2دەروازەکان بکەنەوە

با نەتەوەی ڕاستودروست

پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.

3تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو

بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،

چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.

4هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،

چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.

5ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،

شاری بەرزیش نەوی دەکات،

دەیدات بە زەویدا،

تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.

6پێی هەژار و هەنگاوی نەدار

پێشێلی دەکات.

7ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،

ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.

8ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت

چاوەڕێی تۆ دەکەین؛

ناوەکەت و یادکردنەوەت

ئارەزووی گیانمانە.

9گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات،

هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،

چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،

دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.

10بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،

فێری ڕاستودروستی نابێت،

لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،

شکۆی یەزدان نابینێت.

11ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت،

بەڵام ئەوان نایبینن.

با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن،

با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.

12ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،

چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.

13ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،

گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان،

بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.

14ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە!

تارمایین، هەڵناستنەوە،

لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،

هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.

15ئەی یەزدان، نەتەوەت زیاد کرد،

نەتەوەت زیاد کرد و

شکۆمەند بوویت،

هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.

16ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت،

کاتێک تەمبێت کردن،

بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.

17وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە

لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت،

ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.

18سکپڕ بووین تلاینەوە

وەک ئەوەی بامان بووبێت.

لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و

کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.

19مردووەکانت زیندوو دەبنەوە،

لاشەکان هەڵدەستنەوە.

هەستن و گۆرانی بڵێن

ئەی دانیشتووانی خۆڵ،

چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە،

زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.

20گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و

دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە،

بۆ ساتێک خۆت بشارەوە

هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.

21ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە

هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری.

زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات،

لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.