ئیشایا 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 21:1-17

سروشێک سەبارەت بە بابل

1سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا21‏:1 دەکرێت مەبەست لە ناوچەی خوارووی خاکی بابل بێت کە نزیکی کەنداوی فارس.‏:

وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات،

لە چۆڵەوانییەوە دێت،

لە خاکێکی ترسناک.

2ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە:

ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات.

سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا!

کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.

3لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار،

ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون،

سەرسام بووم لە گوێگرتن،

واقم وڕما لە بینین.

4سەرم لێ شێوا،

ترس منی لەرزاند،

زەردەپەڕی خۆشیی منی

کردە تۆقین.

5خوان ئامادە دەکەن،

ڕایەخ ڕادەخەن،

دەخۆن و دەخۆنەوە!

هەستن ئەی میران!

قەڵغان چەور بکەن!

6پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە،

ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.

7کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت،

لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت،

سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر،

با بە تەواوی گوێی شل بکات،

زۆر شلی بکات.»

8ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد:

«گەورەم، من ڕۆژانە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم،

هەموو شەوانیش لە بنکەی پاسەوانێتییەکەم دەمێنمەوە.

9ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە،

لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت.

وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:

”کەوتووە، بابل کەوتووە!

هەموو وێنەی خوداوەندەکانی

بەرەو زەوی شکان!“»

10ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون،

ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە

لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.

سروشێک سەبارەت بە ئەدۆم

11سروشێک سەبارەت بە دوما:

لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت،

«ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟

ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»

12ئێشکگرەکەش21‏:12 مەبەست لە پێغەمبەر ئیشایایە.‏ وەڵام دەداتەوە:

«بەیانی دێت، هەروەها شەویش.

ئەگەر داواکارن، داوا بکەن،

بگەڕێنەوە، وەرن.»

سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان

13سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان:

ئەی کاروانی دیدانییەکان،

ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،

14بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن.

ئەی دانیشتووانی خاکی تێما،

بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،

15چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون،

لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو،

لە ڕووی کەوانی توندکراو،

لە ڕووی سەختی جەنگ.

16پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و 17پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»