ئیشایا 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 19:1-25

سروشێک سەبارەت بە میسر

1سروشێک سەبارەت بە میسر:

ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە

بەرەو میسر دێت.

بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن،

دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.

2«میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم،

هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات،

هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی،

شار لە دژی شار و

شانشین لە دژی شانشین.

3میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت،

ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم،

داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن،

لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.

4میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و

پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،»

یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.

5ئاوی نیل وشک دەبێت،

ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.

6نۆکەندەکان بۆن دەکەن،

لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن.

قامیش و زەل بۆگەن دەبن،

7سەوزایی لەسەر نیل،

لە ڕێژگەی19‏:7 ‏ئەو شوێنەی ڕووبار دەڕژێتە ناو دەریا.‏ ڕووبارەکە.

هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە

وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.

8ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن،

هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە19‏:8 دەهاوێژنە.‏ ناو نیلەوە،

ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە

ورەیان نامێنێت.

9کرێکارەکان لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن،

جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.

10جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و

هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.

11بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن:

دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە.

چۆن بە فیرعەون دەڵێن:

«کوڕی دانایانم من،

کوڕی19‏:11 لەم ڕستەیەدا کوڕ بە واتای پەروەردەی بەردەست دێت، نەک پەیوەندی کوڕ و باوکایەتی.‏ پاشا دێرینەکان»؟

12کەواتە کوا داناکانت؟

با پێت بڵێن و با بزانن،

یەزدانی سوپاسالار

پلانی چی داناوە لە دژی میسر.

13میرانی چۆعەن گێل بوون،

میرانی مەمفیس چەواشە کران،

پیاوماقوڵانی هۆزەکانی

میسریان گومڕا کرد.

14یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە،

میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی

وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.

15هیچ کارێک نابێت لە میسر

کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.

16لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە. 17میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.

18لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر»19‏:18 بڕوانە یەرمیا 43‏:13‏. بە یۆنانی هیلیۆپۆلیس، مەبەست لە شاری خۆرە لە میسر، کە ئێستا پێی دەگوترێ (میسری نوێ).‏.

19لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان. 20جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات. 21ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر19‏:21 نەزر: داوا لە خودا دەکەیت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکەیت بە مەرجێکەوە. داوا دەکەیت ئەگەر خودا ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدات، ئەوا دەرئەنجام منیش ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەم. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن. 22یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.

23لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن. 24لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە. 25ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»