ئیشایا 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 17:1-14

سروشێک سەبارەت بە دیمەشق

1سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:

«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و

دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.

2شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و

بۆ مێگەلەکان دەبن،

تێیدا ڕادەکشێن،

کەس نییە بیانترسێنێت.

3قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و

پاشایەتیش لە دیمەشق.

پاشماوەی ئارام وەک

شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

4«لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،

قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.

5وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،

بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.

وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت

لە دۆڵی ڕفایم.

6وەک تەکاندنی دار زەیتوون

کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،

دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،

چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.

7لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و

چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

8ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە

کە دروستکراوی دەستی خۆین،

ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،

ستوونە ئەشێراکان17‏:8 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏.‏ و قوربانگاکانی بخوور.

9لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.

10خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،

تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.

لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن

بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.

11ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات

بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،

بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری

بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.

12ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،

وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!

خوڕەی نەتەوەکان

وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!

13نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،

بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،

وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و

وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.

14دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!

بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!

ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،

بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.