ئیشایا 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 16:1-14

1بەرخ وەک سەرانە بنێرن

بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،

لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا

بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.

2وەک باڵندەی هەڵاتوون

وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،

کچانی مۆئاب

لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.

3«ڕاوێژ بکە،

دادوەری ئەنجام بدە،

لە قرچەی نیوەڕۆدا

سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.

دەرکراوەکان بشارەوە،

هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.

4با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،

لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»

کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،

کاولبوون نامێنێت،

پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.

5بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،

یەکێک لە بنەماڵەی داود

دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،

دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی،

بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.

6لووتبەرزی مۆئابمان بیست،

لووتبەرزییەکی زۆر،

خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،

بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.

7لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،

سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.

ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،

بۆ نانی کشمیشی16‏:7 نانی کشمیش بۆ بەعل پێشکەش دەکرا وەک سوپاسگوزاری بۆ دروێنە و خەرمان.‏ قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.

8کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،

هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.

گەورەکانی نەتەوەکان

شا مێوەکانییان شکاند،

کە گەیشتبووە یەعزێر و

پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.

لقەکانی درێژ ببوونەوە و

لە دەریا پەڕیبوونەوە.

9لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم

بۆ ڕەزەکەی سیڤما،

بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم

ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!

لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت

هەراوزەنای جەنگ هات.

10خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،

لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،

شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،

هوتاف کپ بوو.

11لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،

ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.

12جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،

ماندوو دەبێت.

کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،

قبوڵ نابێت.

13ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو. 14ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»