ئیشایا 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 11:1-16

لقەکە لە بنەماڵەی یەسا

1چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،

لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.

2ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،

ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،

ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،

ڕۆحی زانین و لەخواترسی،

3بە لەخواترسی شادمان دەبێت.

بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،

بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،

4بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و

بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.

بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،

بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.

5ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و

دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

6گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،

پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،

گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و

منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.

7مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،

بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،

شێر وەکو گا کا دەخوات.

8کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،

لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.

9خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،

چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان

هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

10لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. 11لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش11‏:11 واتا ئەو ناوچەیە کە نزیکی سەرچاوەی ڕووباری نیل.‏، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.

12ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و

دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،

پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە

لە هەر چوار لای زەوییەوە.

13بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و

هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،

ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و

یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.

14پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و

خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.

ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،

عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.

15یەزدان کەنداوی دەریای میسر

تێکوپێک دەدات،

بە بایە سووتێنەرەکەی

دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،

لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە

بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.

16دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی

ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە

وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو

لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.