لقەکە لە بنەماڵەی یەسا
1چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
شێر وەکو گا کا دەخوات.
8کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
10لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. 11لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش11:11 واتا ئەو ناوچەیە کە نزیکی سەرچاوەی ڕووباری نیل.، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
12ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15یەزدان کەنداوی دەریای میسر
تێکوپێک دەدات،
بە بایە سووتێنەرەکەی
دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.