ئیشایا 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 10:1-34

1قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و

ئەوانەی فەرمانی ستەمکارانە دەردەکەن،

2بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و

مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،

بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و

هەتیوانیش تاڵان بکەن.

3لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،

کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟

بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و

گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟

4بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و

کەوتن لەژێر کوژراوەکان.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،

هێشتا دەستی درێژکردووە.

حوکمی خودا بەسەر ئاشور

5«قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم،

هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.

6بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم،

فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت،

تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات،

هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.

7بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە،

ئەو ئەمەی لە دڵدا نییە،

چونکە ئامانجی ئەو وێرانکردنە،

لەناوبردنی گەلانێکی زۆرە.

8دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟

9ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟

یان حەمات وەک ئەرپاد؟

یان سامیرە وەک دیمەشق؟

10وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و

وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە،

11ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد،

وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»

12دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم، 13چونکە دەڵێت:

«”بە توانای دەستی خۆم کردم و

بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم،

سنووری گەلانم گواستەوە و

گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد،

وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،

14دەستم گەیشتە سامانی گەلان،

وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛

وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو،

هەموو زەویم کۆکردەوە،

کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات

یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»

15تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە،

یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟

وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت

وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.

16لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار

لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان،

لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت

وەک داگیرسانی ئاگر.

17ڕووناکی ئیسرائیل10‏:17 نازناوە بۆ خودای ئیسرائیل.‏ دەبێت بە ئاگر و

پیرۆزەکەشی بە گڕ،

دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی

لە یەک ڕۆژدا.

18چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات،

گیان و لەش پێکەوە

وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.

19پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن

منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.

پاشماوەی ئیسرائیل

20لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و

دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب،

چیتر پشت نابەستن

بەوانەی لێیان دەدەن،

بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و

بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.

21پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب

بۆ لای خودای توانادار.

22ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت،

تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە.

بڕیاری قڕبوون دراوە،

لافاوی ڕاستودروستییە.

23یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار

بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.

24بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی،

لە ئاشور مەترسە

کە بە داردەست لێت دەدات و

گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.

25بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و

تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»

26یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات

وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و

گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە

لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.

27جا لەو ڕۆژەدا،

باری لەسەر شانت لادەچێت و

نیری10‏:27 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ لەسەر ملت،

لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.

28گەیشتە10‏:28 مەبەستی لە هاتنی سوپای ئاشورە بۆ شارۆچکەکانی باکووری یەهودا.‏ عەییات،

لە میگرۆن پەڕییەوە،

لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.

29ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن:

«گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.»

ڕامە داچڵەکی،

گیڤعای شاول هەڵات.

30ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆتان بحیلێنن!

ئەی لەیشا، گوێ بگرە!

داماوە عەناتۆت.

31مەدمێنا ڕایکردووە،

خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.

32ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن،

بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن

لە کێوەکەی شاری سییۆن،

لە گردەکەی ئۆرشەلیم.

33ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار

بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە.

باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە،

لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.

34چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە،

لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.