ئامۆس 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئامۆس 9:1-15

ڕووخاندنی ئیسرائیل

1پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی:

«لە سەری کۆڵەکەکان بدە

هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە،

بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و

ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم.

کەسیان لێ هەڵنایەت و

کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.

2ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن،

لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛

ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون،

لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛

3ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە،

لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛

ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە،

لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.

4ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران،

لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت.

«چاوەکانم دەبڕمە سەریان

بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»

5یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،

ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و

هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،

هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،

وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.

6ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و

لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،

ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و

بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،

ناوی یەزدانە.

7«ئەی نەوەی ئیسرائیل،

ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان9‏:7 کووش وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ نین؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و

فەلەستییەکان لە کریتەوە و

ئارامییەکان لە قییرەوە؟

8«بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست

لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.

لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،

بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

9«من فەرمان دەدەم و

لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،

وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت

بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.

10هەموو گوناهبارانی گەلەکەم

بە شمشێر دەکوژرێن،

هەموو ئەوانەی دەڵێن:

”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“

بنیادنانەوەی ئیسرائیل

11«لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود

هەڵدەدەمەوە.

شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،

ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،

وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،

12تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و

هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.

13یەزدان دەفەرموێت:

«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و

شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.

چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و

هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.

14ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.

«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.

ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،

باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

15لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،

هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»

یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.