ئامۆس 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئامۆس 6:1-14

قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان

1ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،

ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،

ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان

کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!

2بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،

لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و

پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.

ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟

یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟

3ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و

تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،

4لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و

لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.

ئێوە بەرخی ناو ڕان و

جوانەگای قەڵەو دەخۆن.

5لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە

وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.

6بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و

بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،

بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.

7لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و

چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.

قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل

8یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:

«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و

ڕقم لە قەڵاکانییەتی،

ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»

9وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. 10ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک بۆ ئەوەی بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» ئەو وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» هەروەها دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»

11لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات،

لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات،

ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.

12ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟

یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟

بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و

بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.

13ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن،

دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»

14یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:

«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە،

لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا

تەنگتان پێهەڵچنن.»