ئامۆس 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئامۆس 5:1-27

لاوانەوە و بانگەوازی تۆبەکردن

1ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:

2«ئیسرائیلی پاکیزە کەوت،

جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە،

فڕێدرایە سەر خاکەکەی،

کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»

3سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت:

«ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت،

سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە،

ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت،

دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»

4لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت:

«ڕوو لە من بکەن و بژین،

5ڕوو لە بێت‌ئێل مەکەن و

مەچن بۆ گلگال و

بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە،

چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و

بێت‌ئێل دەبێتە نەبوو5‏:5 نەبوو: عیبری ئاڤن‏، واتا بێت‌ئاڤن، کە ناوێکی سووکە بۆ بێت‌ئێل.‏

6ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین،

ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف،

ئاگرەکەش دانیشتووانی بێت‌ئێل دەخوات و

کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.

7ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت،

ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!

8ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە،

سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و

ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات،

ئاوی دەریا بانگ دەکات و

بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت،

ناوی یەزدانە،

9ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و

وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.

10ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و

قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.

11لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و

بەشە گەنمی لێ دەستێنن،

ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە،

تێیاندا دانانیشن،

ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە،

لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.

12دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن،

گوناهەکانتان گەورەن.

ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران،

مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.

13لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت،

چونکە کاتێکی خراپە.

14دوای چاکە بکەون نەک خراپە،

بۆ ئەوەی بژین،

جا وا دەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت،

وەک خۆتان گوتتان.

15ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت،

دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن،

ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار

لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.

16لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت:

«لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و

لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“

جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و

ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.

17لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت،

چونکە بە ناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ڕۆژی یەزدان

18قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی

ڕۆژی یەزدانن!5‏:18 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏

بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟

ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.

19وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و

تووشی ورچێک بێت،

یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و

مار پێوەی بدات.

20ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟

ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟

21«ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە،

چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.

22تەنانەت ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و

پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم،

ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی5‏:22 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.

23ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە!

گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.

24لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و

ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.

25«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی

قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟

26بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان،

بنکەی بتەکانتان هەڵگرت،

پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان5‏:26 کەیوان ناوی هەسارەیەکە و خوداوەندی ئاشورییەکان بووە.‏، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان،

کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»

27لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت:

«من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»