ئامۆس 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئامۆس 2:1-16

1یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند

هەتا ئەوەی بووە گەچ،

2هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،

قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.

مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،

لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.

3فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و

هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

4یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و

فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا،

چونکە درۆکانیان فریوی دان

ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،

5هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا،

قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»

حوکم بەسەردادانی ئیسرائیل

6یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن،

نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.

7سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن،

ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە.

پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن،

تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.

8لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە

لە پاڵ هەموو قوربانگایەک،

شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە

لەناو ماڵی خوداوەندیان.

9«من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد،

ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو،

وەک دار بەڕوو بەهێز بوون.

بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و

ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.

10من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان،

چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن،

بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن.

11«لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و

لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو2‏:11 بڕوانە سەرژمێری 6‏:1‏-21.‏.

ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12«بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو،

فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.

13«ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم

وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت

لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.

14ئەوەی خێرایە هەڵنایەت،

بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و

پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.

15تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت،

ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و

ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.

16ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان

لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.