ئاشکراکردن 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 9:1-21

1کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی9‏:1 بڕوانە لۆقا 8‏:31‏.‏ پێدرابوو. 2کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد. 3لە دووکەڵەکەوە کوللە بارییە سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو. 4کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە. 5ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازاریان بدەن. ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات. 6لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.

7شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو. 8قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر. 9زرێیان هەبوو وەک زرێی ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ. 10چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن. 11فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە‏9‏:11 ئەبەدۆن: لە پەیمانی کۆن، ئەم وشەیە بە (لەناوبەر) وەرگێڕدراوە، بڕوانە ئەیوب 26‏:6‏.‏ و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە‏.

12نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.

13پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە بەر گوێم، 14کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» 15چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی ئادەمیزاد بکوژن. 16گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو هێندەی دە هەزار جار دە هەزار بوو.

17ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: زرێی ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. 18بەو سێ بەڵایە سێیەکی ئادەمیزاد کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. 19هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.

20پاشماوەی ئادەمیزاد کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. 21هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.