ئاشکراکردن 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 5:1-14

تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە

1لەلای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لەسەر هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو. 2هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟» 3کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات. 4دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات. 5یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە5‏:5 بڕوانە ڕۆما 15‏:12‏.‏ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»

6ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون. 7هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت. 8کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە، 9سروودێکی نوێشیان دەگوت:

«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و

مۆرەکانی بکەیتەوە،

چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،

لە هەموو هۆز و زمان و گەل و نەتەوەیەک.

10ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و

فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»

11ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو، 12بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:

«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی

توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و

ڕێز و شکۆ و ستایشە!»

13هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت:

«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،

بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و

بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»

14چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.