ئاشکراکردن 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 2:1-29

نامەیەک بۆ کڵێسای ئەفەسۆس

1بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە:

ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ:

2«ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە. دەزانم کە ناتوانیت بەرگەی خراپەکاران بگریت و ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین و بە درۆزن دەرچوون، 3دانت بە خۆتدا گرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت و کۆڵت نەدا.

4«بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی جارانت بەلاوە ناوە. 5بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم. 6بەڵام شتێکی باشت هەیە: تۆش وەکو من ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان2‏:6 کۆمەڵێکی شوێنکەوتەی نیکۆلاوس، لە بیری ئەوان ئازادی بە مەسیح ئازادی بوو بۆ بەڕەڵایی. بڕوانە 2‏:15.‏ دەبێتەوە.

7«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان2‏:7 پەیدابوون 2‏:9؛ 3‏:22.‏ بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»

نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا

8بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:

ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ:

9«ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. 10هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.

11«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»

نامەیەک بۆ کڵێسای پرگامۆس

12بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە:

ئەوەی شمشێرە تیژە دوودەمەکەی هەیە دەفەرموێ:

13«ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.

14«بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە2‏:14 سەرژمێری 31‏:16، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن2‏:14 سەرژمێری 25‏:1‏.‏ کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن. 15بە هەمان شێوە، لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان. 16بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.

17«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، لە مەنی2‏:17 ئەو نانەی کە خودا لە سەردەمی موسادا لە ئاسمانەوە باراندی. گەلی خودا لەو باوەڕەدا بوون کە لە سەردەمی مەسیحدا خودا دووبارە ئەم مەنە بە گەلەکەی دەداتەوە. بڕوانە دەرچوون 16‏:4‏-34.‏ شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»

نامەیەک بۆ کڵێسای سیاتیرا

18بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە:

کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ:

19«ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەم جارت زیاترن.

20«بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە2‏:20 ناوێکە وەکو هێما بۆ خراپەکار بەکاردێت، بڕوانە یەکەم پاشایان 18‏:4‏.‏، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی. 21کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات. 22لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە. 23هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، سزای هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەدەم.

24«بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر، 25تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.

26«ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،

27﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات،

وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾2‏:27 زەبوورەکان 2‏:9

هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. 28هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. 29ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»