ئاشکراکردن 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 19:1-21

هەلیلویا! حوکمڕانی بۆ یەزدان

1پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت:

«هەلیلویا!

ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،

2چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن.

لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد

کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد.

تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»

3دووبارە گوتیانەوە:

«هەلیلویا!

دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»

4بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان:

«ئامین. هەلیلویا!»

5دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی:

«ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی،

ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»

6پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت:

«هەلیلویا!

خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات.

7با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین،

چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و

بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.

8کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.»

ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.

9پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»

10کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»

سواری ئەسپێکی سپی

11پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت. 12چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوە بوو. ناوێکی نووسراوی هەیە کە جگە لە خۆی کەس نایزانێت. 13کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی19‏:13 بڕوانە ئیشایا 63‏:3‏.‏ لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. 14لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. 15لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾19‏:15 بڕوانە زەبوورەکان 2‏:9.‏ گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت. 16ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە:

«پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»

17فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورەی خودا، 18تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»

19هەروەها دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و لەشکرەکانیانم بینی کۆببوونەوە، تاکو لە دژی سوارەکە و سوپاکەی بجەنگن. 20دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەکانی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە نێو دەریاچەی ئاگرەوە، کە بە گۆگرد داگیرساوە. 21پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.