ئاشکراکردن 18 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 18:1-24

کەوتنی بابل

1پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. 2بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:

«کەوت! بابلی گەورە کەوت!

بووە جێنشینی جنۆکەکان و

پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،

پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،

پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.

3لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان

لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.

پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،

بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

4گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:

«ئەی گەلی من لێی دەربچن،

تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،

تاکو دەردەکانی نەگرن،

5چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و

خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.

6سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و

بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،

لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.

7هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،

ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:

”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،

هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“

8لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،

مردن و شیوەن و قاتوقڕی.

بە ئاگریش دەسووتێت،

خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل

9«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 10لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:

«”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!

ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!

چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“

11«بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 12شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 13دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان18‏:13 جۆرێکی تایبەتە لە بخوور و لە دار دروستدەکرێ.‏، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

14دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 15بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 16دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،

کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،

بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!

17چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“

«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 18کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 19خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!

ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!

لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

20«”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!

چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»

دوایین کەوتنی بابل

21ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:

«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،

هەرگیز نادۆزرێتەوە.

22ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا

تێیدا نابیسترێت.

هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،

دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.

23هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،

ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.

بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و

هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.

24تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و

هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»