ئاشکراکردن 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 10:1-11

فریشتە و تۆمارە بچووکەکە

1پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. 2تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. 3بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. 4کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.»

5ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو، دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و 6سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون و گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! 7بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»

8ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و وشکانی وەربگرە.»

9چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت کە تۆمارە بچووکەکەم بداتێ. ئەویش پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»