Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 39:1-43

جلوبەرگی کاهینیێتی

1لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ جلوبەرگی چنراویان دروستکرد بۆ خزمەت لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەشیان بۆ هارون دروستکرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

ئێفۆدەکە

2ئێفۆدەکەیان لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد. 3پارچە زێڕیشیان کوتی هەتا باریکیان کردەوە و وەک داو بڕییان بۆ ئەوەی لەناو ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک بە دەستکردی داهێنەر بەکاریبهێنن. 4دوو شانی لە یەک بەستراویشیان بۆ دروستکرد، بە هەردوو لایەوە بەسترابوون. 5پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بوو، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

6دوو بەردی عاشقبەندیشیان چەسپ کرد، دەوردراو بە چوارچێوەی زێڕین، نەخشێنراو وەک نەخشی ئەنگوستیلە بەپێی ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل. 7دوو بەردەکەشیان خستە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

بەرسینەکە

8بەرسینەکەشیان وەک دەستکردی ئێفۆدەکە بە دەستی وەستای کارامە دروستکرد، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو. 9بەرسینەکەیان چوارگۆشە و دووبەر دروستکرد، درێژییەکەی بستێک39‏:9 بستێک: نزیکەی 22 سەنتیمەتر.‏ و پانییەکەی بستێک. 10بە چوار ڕیز بەرد ڕازاندیانەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت39‏:10 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏ لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛ 11ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛ 12ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛ 13ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. بە چوارچێوەی زێڕینیش ڕازاندبوویانەوە. 14بەردەکانیش دوازدە بوون وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بوو بۆ دوازدە هۆز.

15بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوەیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، وەک گوریس. 16دوو چوارچێوەی زێڕین و دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد، ئەڵقەکانیان لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دانا. 17دوو زنجیرە زێڕینەکەشیان خستە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە. 18هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەشیان خستە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەیان دانا بۆ پێشەوەی. 19دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکەیان دانا، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە. 20دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایاننان، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە. 21بەرسینەکەشیان بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بەست، بە داوێک لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی

22کەوای ئێفۆدەکەش دەستکردی چنراو بوو، هەموویان لە ڕیسی مۆر دروستکرد. 23کونی سەریشی لەناوەڕاستی کەواکەدا بوو وەک کونی یەخەی کراس، بەنێکیش بە دەوروپشتی کونەکەدا بۆ ئەوەی نەدڕێت. 24لەسەر دامێنی کەواکەش گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراویان دروستکرد، 25زەنگوڵەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد. زەنگوڵەکانیان خستە نێوان گوڵینگەکانی سەر دامێنی کەواکە. 26لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەک لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بوو کە بۆ خزمەتکردن لەبەر دەکرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

27هەروەها کراسیان لە کەتانی ناسک بۆ هارون و کوڕەکانی دروستکرد، بە دەستکردی چنراو. 28مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک بوو، گوڵینگەکانی سەرپێچەکانیش لە کەتان ناسک، دەرپێکانیشیان لە کەتانی ناسکی ڕستراو بوون. 29کەمەربەندەکەش لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ بە دەستکردی جۆڵا چنرابوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30پلێتی تاجەگوڵینە پیرۆزەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵیانکەند:

«پیرۆزی بۆ یەزدان.»

31هەروەها خستیانە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە دابنرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

موسا تەماشای چادرەکەی پەرستن دەکات

32ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. 33ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا کە پێکهاتبوو لە:

چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛

34پۆشەرێک لە پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پۆشەرێکی دیکە لە پێستی مانگای دەریا، لەگەڵ پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛

35سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛

36مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛

37چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛

38قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛

39قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی

و حەوزەکە و ژێرەکەی؛

40پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە

و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی

چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛

41جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.

42وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد. 43موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.