Kurdi Sorani Standard

دواوتار 14:1-29

خواردنی پاک و گڵاو

1ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو، 2چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.

3هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن. 4ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن: گا و مەڕ و بزن، 5ئاسک، مامز، ئاسکە سوورە، بزنەکێوی، کەڵەکێوی، ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی. 6هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرتە و کاوێژ دەکات، ئەوە دەخۆن. 7بەڵام لەوانەی کاوێژ دەکەن یان سمیان دوو کەرتە، ئەمانە مەخۆن: وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بۆتان گڵاوە. 8هەروەها بەرازیش بۆتان گڵاوە، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان14‏:8 کەلاکیان: واتە لاشەی مردوو یان سەربڕاو.‏ بدەن.

9لە هەموو ئەوانەی لە ئاوەکاندا دەژین، ئەوانە بخۆن کە باڵ و پوولەکەیان هەیە، 10بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.

11هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن، 12بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 13واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ، 14هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 15کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 16کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و 17کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە، 18لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

19هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت. 20هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.

21هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

دەیەکەکان

22هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە. 23لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن14‏:23 مەبەست لە پەرستنە.‏. 24بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو، 25ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. 26جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن. 27ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.

28لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن، 29لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.